یەک خستنی پێڵاو و جل‌وبەرگ

هەندێ کات هەرکام لە جل‌وبەرگەکان‌مان بە تەنیایی جوانن، نە لە پەنای یەکترین‌دا. گرینگ نیە پێڵاوێک کە تازە کڕیوتە چەندە جوانە یان کراس و مەنتۆ تازەکەت چەندە شاز و جوانە. بۆ ئەوەی کە بتوانن ستایلێکی شاز و جوان بۆ خۆتان دروست بکەن دەبێ یاساکان بۆ یەک خستنی پێڵاو و جل‌وبەرگ بزانن هەتاکو هەر بەشێک لەو ستایلە بەوی‌تر بکەوێت و لە پەنای یەکتردا جوان بەرچاو بکەون، دەبێت هونەری ڕێک خستنی جل‌وبەرگ فێر ببن. ئاوا هەر شتێک بکڕن نەوەک بۆ خۆی جوانە، بەڵکو لەلای جل‌و بەرگەکانی دیکە‌تان ئێوە زۆرتر سەرنج‌ڕاکێش دەکات. لەم نوسراوەی کانیاودا پێکەوە فێر دەبین، لەبەر ئەوەی کە ستایلمان شازتر بێتە بەرچاو، چۆن پێڵاوەکان‌مان لەگەڵ جل‌و بەرگەکان‌مان یەک بخەین.

یەک خستنی پێڵاو و جل‌وبەرگ

5+2 یاسا بۆ یەک خستنی پێڵاو و جل‌وبەرگ

دوای خوێندنەوی ئەم نووسراوە لە کانیاو بە باشی ٧ دانە لە یاسا گرنگەکانی یەک خستنی پێڵاو و جل‌وبەرگ دەناسن و واتان لێدێت ببن بە خاتوونێکی رازاوە و جوان.

1- یەک پلە تاریک‌تر یان ڕوون‌تر

زۆربەی کاتەکان لە هەڵبژاردنی ڕەنگی پێڵاو، جانتا و ئکسوارتەکانی دیکە دەبێت بە ڕەنگی کراس یان مەنتۆیەک کە دەیکەنە بەرتان سەرنج بدەن. یاسای گشتی ئەوەیە کە باش‌تر وایە ڕەنگی پێڵاو، لە ڕەنگی جل‌و بەرگەکان‌تان یەک پلە تاریک‌تر یان ڕوون‌تر بێت. ئەم کارە دەبێتە هۆی جوان‌تر بوونی ئەو جل‌و بەرگانەی کە یەکتان خستون. بۆ نمونە هەرکات کراسی شینی کاڵ‌تان کردە بەرتان، باش وایە ڕەنگی پێڵاوەکان‌تان شینی تا ڕادەیەک تاریک بێت. یان ئەو کاتەی کە کراسەکەتان قاوەییە، دەتوانن بە دڵنیایەوە یەکێک لە پێڵاوە نیوودەکان (nude) یان لە ڕەنگی پێست بکەنە پێ‌تان. هەڵبژاردنی ڕەنگی کرێمیش بۆلای جلی قاەویی هەڵبژاردەیەکی باش دەبێت.

٢- لە جنسێکی جیاواز لەبەر بکە

یەکێک لەو کارانەی کە دەتوانن بۆ ڕێک خستنی پێڵاو لەگەڵ جلەکەتان بیکەن، ئەوەیە کە پێڵاوێک هەلبژێرن کە بە تەواوەتی لە ڕەنگی جلەکەتان بێت. بەڵام هوشیار بن کە لە یەک جنس نەبن. بۆ نمونە ئەگەر مەنتۆیەکی سپی کەتان یان لۆکە دەکەنە بەرتان، بەجێی هەڵبژاردنی پێلاوی کەتانی ژنانە یان کچانە، پێلاوی سپی چەرمی لەپێ بکەن. لە شوێنە فەرمی و نیوەفەرمیەکان‌دا جیاوازی نێوان جنسی پێلاو و جل‌وبەرگ، زۆربەی کاتەکان ئەنجامی باش‌تری هەیە.

٣- ڕاست وەکو یەک لەبەر بکە

بە دڵنیایەوە لە پشت پەنجەرەی دوکانەکان یان لە بازاڕە ئینتەرنێتیەکان‌دا جانتا و پێڵاوتان دیوە کە لە یەک ڕەنگ و جنس دروست کرابێتن. بۆ نمونە بڕێک لە جانتا و پێڵاوەکان کە تەرح و نەخشی نەریتیان هەیە، لەم ڕۆژانەدا زۆرتر بەرچاو دەکەون. ئەگەر لە هۆگرانی ئەم‌جۆرە جانتا و پێڵاوانەن، باش وایە کە بزانن زۆرتر بۆ ڕێک خستنی جل‌و بەرگی ڕۆژانە و نافەرمی دەتوانن لەم تەرحانە کەڵک وەربگرن. زۆربەی مۆدێلە تەواو هاوچەشنەکان کە لە یەک شێوە بەرهەم هاتون، بۆ شوێنە فەرمی و جدیەکان نابن.

یەک خستنی پێڵاو و جل‌وبەرگ

٤- تەواو پێچەوانە لەبەر بکە

یەکێکی‌تر لەو کارانە کە دەتوانن لە وەختی ڕێک خستنی پێڵاو و جل‌و بەرگ، بەتایبەت بۆ لەچک و مل‌پێچ بەکاری بەرن، کەڵک وەرگرتن لە یاسای کۆنتراست یان ڕەنگەکانی دژی یەکە. بۆ نمونە دەتوانن کراسێکی شینی ئاسمانی لەگەڵ چاکەت سپۆرت و پێڵاوی زەردی ڕۆشن یەک بخەن. یان ئەگەر خۆشتان لە ئاڤانت گارد دێت، دەتوانن لەگەڵ کراسێکی سووری ئاڵی تون، پێڵاوی شینی ئاسمانی بکەنە پێتان. ئەو ڕەنگانەی کە دژی یەکن زۆربەی کاتەکان، تێکڵاوەیەکی هەست‌بزوێن پێکدێنن. لە ئاکام‌دا ستایلێکی تایبەت و جیاوازتان بۆ دروست دەبێت.

٥- لە ڕەنگی لەچک

یەک خستنی پێڵاو و جل‌وبەرگ

زۆربەی کاتەکان ژمارەی زیاتری ئافرەتان حەزبە کڕینی مل‌پێچ و لەچکی ڕەنگاوڕەنگ دەکەن. خاڵی یەکەم ئەوەیە کە بۆ گەیشتن بە باشترین ئەنجام دەبێت ڕەنگێک هەڵبژێرن کە بە پێست‌تان بکەوێت. لەبەر ئەوەی کە ڕەنگی مل‌پێچ و لەچک ڕاستەوخۆ لەسەر جوانی ئێوە کاریگەری هەیە و دەتوانێت ڕەنگی پێست‌تان تاریک‌تر یان ڕۆشن‌تر دەربخات. باش‌تر وایە ئەو ڕەنگانە هەڵبژێرن کە بە پێست‌تان دەکەوێت و ڕەنگی پێست‌تان ڕۆشن‌تر دەردەخات.

دوای هەڵبژاردنی ڕەنگی مل‌پێچ و لەچک بە دڵی خۆتان، دەتوانن پێڵاوێک بکڕن کە لەگەڵ ڕەنگی مل‌پێچەکەتان یەک کەوێت. یەک کەوتنی مل‌پێچ و پێڵاو زۆرکات تێکڵاوەیەکی جوان دروست دەکات. زۆرکەسی تر ڕەنگی مل‌پێچ و شەلوارەکەیان یەک دەخەن. ئەم شێوازە لە کاتێک‌دا دەتوانێت ئەنجامێکی جوانی ببێت کە ئەو ڕەنگانەی کە هەڵی‌دەبژێرن تون بێت. بۆ وێنە مل‌پێچ و شەلواری سوور بەقەد مل‌پێچ و شەلواری بۆری ڕۆشن ئەنجامی جوانی نابێت. مەگەر ئەوەی کە کۆمەڵێک ڕەنگی بێ‌لایەن لە پەنایا بەکار بهێنن.

کانیاو ئەم بابتەتان پێ پێشنیار دەکات: پێک‌خستنی پێڵاو لەگەڵ ستایل

٦- نوێترین ترێندی هەڵبژاردنی پێڵاو

نوێترین ترێندی هەڵبژاردنی پێڵاو و شێوازی یەک خستنی لەگەڵ جل‌وبەرگ کە ماوەیەکی زۆرە سلێبریتیەکان دڵیان تیچوە و زۆریش ئاسانە، ڕێک خستنی ڕەنگی پێڵاو و کراسە. هەندێک لە سلێبریتیەکان لە یاسای یەک پلە ڕۆشن‌تر یان تاریک‌تر کەڵک وەردەگرن و هەندێکی‌تر دەچن بەلای یاسای تەواو هاوچەشن یان وەکو یەک (matchy match) کە لەمەیان‌دا هیچ جیاوازیەک لە نێوان ڕەنگی جل و پێڵاودا نیە.

خاڵێکی گرینگ کە باش وایە لەبواری یاسای matchy match بیزانن، ئەمەیە کە بەکار بردنی تەنیا یەک ڕەنگ لە ڕێک خستنی جل‌وبەرگ و پێڵاو دەبێتە هۆی ئەوەی کە باڵاتان بەرزتر دەرکەوێت. کەوایە ئەگەر باڵاتان کورتە بە دڵنیایەوە ئەم یاسا بەڕێوە بەرن. ئەگەر باڵاتان بەرزە، باش وایە بۆ جوانی لە یاسای کۆنتراست یان ڕەنگە دژە یەکەکان کەڵک وەربگرن با ڕێک‌وپێک‌تر بێنە بەرچاو.

٧- خاڵی کۆتایی

لەبیرتان بێت، لە کاتی هەڵبژاردنی پێڵاو، هەرگیز ئاسایشی پێ و پشت‌تان مەکەن بەقوربانی جوانی. ئەو پێڵاوانەی کە پاژنەکەیان بەرزە و ستاندارد نیە، زەبری زۆر بە پشت‌تان دەگەیەنێت.هەروەها زیانی زۆری بۆ پێ و ئەژنۆکان‌تان دەبێت. پێڵاوێک هەڵبژێرن کە هەست بە ئاسایش بکەن و لەش‌تان نەخاتە ئاڵوزی و دڵەڕاوکێوە. ئەگەر دەزانن زۆر دڵتان بە پێڵاوی پاژنە بەرزەوەیە، دەتوانن دایان‌نێن بۆ کاتی میوانیەکان. بەر لە میوانیەکە بیکەنە پێ‌تان و هەر دوای میوانیەکە پێلاوێکی ئاسایی لە پێ بکەن. لەناو میوانیەکەیشدا هەتا دەتوانن دانیشن، مەڕۆن بە ڕێگادا و بەزەییتان بە پشت‌تاندا بێت.

Show More

مامەی کانیاو

کانیاوی برازام، سەرچاوەی ڕەنگەکان و جوانی و جێژوانی ئەوینە. هەوڵ دەدەم کانیاو سەرکەوتوو بێت و ئێوە هەست بە بەختەوەری بکەن.

وتارەکانی دیکە لەم بابەتە

وەڵامێک بنووسە